X

ئاوە ژێرزەوییەکان

ئاوە ژێرزەوییەکان

دۆزینەوەی ئاو لە سەرەتای دروستبوونی ژیانەوە هەمیشە پێویستییەکی بەردەوام بووە. بەڵام، بە زیادبوونی داواکاری بۆ ئەم سەرچاوە بەنرخە، پێویستە گەڕانەکە هەم لە ڕووی جوگرافییەوە فراوانبکرێت و هەم لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە پێشبخرێت.

لە ئێستادا، نزیکەی ٢.٤ ملیار کەس لە ناوچە کەم-ئاوەکانی جیهاندا دەژین. ئەگەر ئەو ناوچانە لەبەرچاو بگرین کە لانیکەم لە یەک مانگی ساڵدا ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبنەوە، کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهانە، ئەم ژمارەیە ٥٠٪ زیاد دەکات. ڕوونە کە ئەرکی ئەوانەی بەرپرسیارن لە لێکۆڵینەوەی ئاوە ژێرزەوییەکان تەنها بە دۆزینەوەی ئاو سنووردار نابێت، بەڵکو زۆرجار بریتییە لە دیاریکردنی دەستڕاگەیشتن، تەمەن، کوالێتی و سەلامەتی سفرەیەکی ئاو (یه‌ده‌گی ئاوی ژێرزه‌وی).

گەڕان و ناسینەوەی ئاوە ژێرزەوییەکان یەکەم قۆناغی دۆزینەوەی سەرچاوە پۆتانسێلییەکانی ئاوی ژێرزەوییە. لە قۆناغی دواتردا، دیاریکردنی فراوانبوون، کوالێتی و سروشتی سفرەی ئاوی ژێرزەوی دەبێت ئەنجام بدرێت. ئەم ئامانجانە دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە بەدەست بهێنرێن، لەوانە لێکۆڵینەوە دفتەرییەکان، گەڕانی جیۆلۆجی لە شوێنەکە، لێکۆڵینەوە جیۆفیزیکییەکان و تاقیکردنەوەی چوونەژوورەوە وەک کون کردن.

کون کردنی بیر دەتوانێت زۆر گران بێت و هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ دۆزینەوەی ئاو لە هەموو شوێنێک تەنها بە کون کردنێکی قووڵتر. لەبەر ئەوەی بارودۆخی جیۆلۆجی تەنانەت لە دووری کورتدا دەتوانێت جیاواز بێت، کون کردنێک زانیاری زۆر ورد لەسەر چینە جیۆلۆجییەکان لە ژێر شوێنی کون کردنەکە دەدات، بەڵام بارودۆخەکە لە دووری تەنها دەیان مەتر دەتوانێت زۆر جیاواز بێت. بۆ بەدەست خستنی وێنەیەکی باشتر لە بارودۆخی ژێرزەوی، زۆرجار پێویست بە تەکنیکی پشکنینێکی گشتگیرترە. ڕێگاکانی جیۆفیزیکی وەک ئامرازێکی کارا، زانیاری پێویست بەبێ کون کردن و لە ئاستێکی بەرفراواندا دەخەنە بەردەست شارەزایان. باوترین و پربەکارهێنراوترین ڕێگای جیۆفیزیک بۆ ناسینەوەی ئاوە ژێرزەوییەکان، ڕێگای جیۆئەلەکتەریکە. ئەمڕۆ بەشی زۆری لێکۆڵینەوەکانی ئاوە ژێرزەوییەکان بە بەکارهێنانی ڕێگای جیۆئەلەکتەریک ئەنجام دەدرێن. ئەم ڕێگایە لەسەر بنەمای تێکردنی تەزووی کارەبایی بۆ ناو چینەکانی زەوی بنیات نراوە و پارامەترەکانی بەرگری کارەبایی و بارگاویکردنەوەی پەیوەندیدار بە چینەکانی ژێرزەوی پێوانە دەکات. بە پشت بەستن بەم پارامەترانە و هەروەها تێکەڵکردنیان لەگەڵ زانیاری جیۆلۆجی، سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی دەتوانرێت بناسرێنەوە و شوێنیان دیاری بکرێت. هەروەها کوالێتی ئاوە ژێرزەوییەکان و بڵاوبوونەوەی پیسبوون لەوانیشدا بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە دەتوانرێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.

وەک دەزانین، ئاوە ژێرزەوییە شیرینەکان سەرچاوەیەکی بەنرخ و سنووردارن. بە زیادبوونی دانیشتوان و شارنشینی، هەڕەشەکان بۆ سەر ئاوە ژێرزەوییەکان لە زیادبووندان. ئەم هەڕەشانە بریتین لە پیسبوونی ناشی لە چالاکییەکانی مرۆڤ و هەروەها سوێری ناشی لە بەکارهێنانی زیاد لە پێویست. بۆیەش هەم سفرە ژێرزەوییە تازە ناسێنراوەکان و هەم سفرە ژێرزەوییە هەبووەکان بەردەوام لە مەترسی پیسبووندان و لێکۆڵینەوەی بەردەوامیان ناچارە.

پشکنینی سوێری بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئاوەکە شیرینە یان سوێرە ئەنجام دەدرێت. جگە لەمەش، ئەگەری ئەوە هەیە سوێری لە درێژایی سووڕی ژیانی سفرەیەکی ئاودا بەهۆی بەکارهێنانی زیاد لە پێویست ڕووبدات. ئەم بەکارهێنانی زیاد لە پێویستە دەتوانێت ڕێژەیەکی زیاتر لە خوێیە کانزاییەکان لە قووڵاییەوە ڕابکێشێت و ببێتە هۆی زیادبوونی سوێری. لە ناوچە کەناراویەکاندا، دەرهێنانی توند دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوەکانی پڕبوونەوە، بە جۆرێک کە لەبری ئەوەی سفرەی ئاو بە بەکارهێنانی سەرچاوە ڕووکەشەکان و بارانبارین خۆراک بدرێت، لە ڕێگەی پێشڕەوی ئاو لە لای دەریاوە خۆراک وەربگرێت. لێکۆڵینەوەکانی دیاریکردنی سوێری ئاویش بە بەکارهێنانی ڕێگای جیۆئەلەکتەریک ئەنجام دەدرێت.

ڕێگاکانی جیۆفیزیکی تریش هەن وەک ڕیزۆنانسی موگناتیسی پرۆتۆن یان ڕێگای کارۆموگناتیسی بواری کات کە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی بەکاردەهێنرێن. بەکارهێنانی ئەم ڕێگایانە بە بەراورد لەگەڵ ڕێگای جیۆئەلەکتەریک سنووردارترە.